ڕێنماییەکی کەم بۆ کاتی سەردانتان بۆ لای نەخۆش

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی

لە کلتوری کوردیدا هێشتا پەیوەندیە بەهێزەکانی نێو خێزان زۆری بەبەرەوە ماوە کە کەمتر ببێتەوە و تا ڕادەیەك شتێکی ئەرێنیە. بەڵام تکا و سەرنجی من لەم نوسینەمدا بۆ ئەو کاتانایە کە کەسێك بەهەر هۆکارێکی تەندروستی بێت، پێویستە لە نەخۆشخانە یان لە ماڵەوە بکەوێت. لەو کاتانەدا خەڵك بە شەپۆڵ سەردانی نەخۆش دەکەن و بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی نەخۆشەکە لە ژوری نەخۆشەکەدا دەمێننەوە، دەنگە دەنگ دەکەن، هەمەجۆرە پێشنیار لەسەر پزیشك و داودەرمان دەکرێت، باسی هەموو شت دەکرێت بەڵێ هەموو شت. لەهەموویشی ناخۆشتر ئەوەیە کە زۆربەی باسەکان یان نمونەکان کە دەگێڕدرێنەوە لەوێدا نەرێنی و ترساندنی نەخۆشەکەی تیایە.
نەخۆش زۆر پێویستی بەوە هەیە کە لە تەنهایدا پشوبدات، بخەوێت، لەبەر ئەوەی لە خەودایە ئەو نەخۆشە لەش و دەروونی پشودەدات و هەموو شتە شکاوەکان باشتر دەبنەوە و وزەکی نوێ بەبەر نەخۆشەکەدا دێتەوە.
تکایە ئەمە پێشبڕکێ نیە کە کێ یەکەم کەس بڕوات بۆ لای نەخۆشەکە یان کێ زۆرترین کات لەلای نەخۆشەکە بمێنێتەوە، یان کێ زۆر لە نزیك نەخۆشەکەوە دانبنیشێ و قسەی لەگەڵدا بکات. نەخۆشیش پێی خۆشە کە هەواڵی بپرسرێت و بیردەکاتەوە و پێی خۆشە کە دۆستانی هاوکاری خۆیان پیشانبدەن، بەڵام گرنگترین شت کە بۆ ئەو دۆستە نەخۆشەتی بکەیت ئەوەیەکە هاوکاریبیت و بزانی ئەو چی پێویستە لەو دۆخەدا. بێگومان پشوو، بێگومان دوو قسەی ئەرێنی هەروەها نزاکردن. 
ئەمانە بەشێکی کەم بوون لەسەر ئەو بابەتە، ئومێددەکەم کە هەریەك لەلای خۆیەوە هاوکاربێت بۆ تێگەیشتن لەم بوارەدا.


سەرکەوتوبن

https://www.facebook.com/abdullatawfik/
www.warzshidaruni.com

گەڕانەوە