پیری یان ئه‌رك نه‌مان؟

عه‌بدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنه‌ری ده‌روونی
تێگه‌یشتن له پیری له کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدیله کۆنه‌که‌دا که ئێمه‌ی کورد هه‌تا ئێستا په‌یڕه‌وی ئه‌که‌ین وه‌ك له‌به‌رچاو هه‌ستدایه جگه له کۆمه‌ڵێ تێڕوانینی نه‌رێنی وه‌ك (ته‌واوکردنی ته‌مه‌نێك، وه‌رگرتنی نه‌خۆشی پیری، بیرچوونه‌وه، گۆشه‌گیری، نه‌بوونی پێویستی بۆ گه‌ڕان، کار خراپکردن، قسه نه‌زانین و نزیکبوونه‌وه له مردن و ...تاد) ڕۆشنبیری پیریمان زۆر که‌مه.
ئێمه هه‌ر کاتێك ئه‌رکمان نه‌ما که ڕۆژانه جێبه‌جێی بکه‌ین ئه‌وکاته مه‌ترسی پیربوونی ڕاسته‌قینه‌مان له‌پێشه‌وه‌یه. وه‌ك ئه‌زانین مێشك هه‌میشه پێویستی به‌وه هه‌یه که ڕۆژانه چه‌ند ئه‌رکێك ڕاپه‌ڕێنێت و به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به گرنگی خۆمان و بوونی ڕۆڵێك بکه‌ین له ژیانماندا و دواتریش جیهان جوانتر ببینین. هه‌ر چۆن مناڵ ڕۆژانه پێویستی به چه‌ندین ئه‌رك هه‌یه که بدرێت به‌سه‌ریدا و جێبه‌چێی بکات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هۆکارێك بۆ گه‌شه‌کردنی مێشك و که‌سایه‌تی خۆی و بڕوابه‌خۆبوونی به‌هێزتربێت، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش مرۆڤ له هه‌موو قۆناغه‌کانیتری ژیانیدا پێویستی به جێبه‌جیکردنی ئه‌رکه‌کانی هه‌یه.
له مۆدیلی ژیانێکی نوێ‌دا که چه‌ندین ساڵه له ئه‌وروپا و وڵاتانی تری پێشکه‌وتودا کاری بۆ کراوه مرۆڤی به‌ساڵا چوش ئه‌بێت هه‌میشه له چالاکیدا بێت. ڕۆژانه ئه‌رکی بچوك یان گه‌وره‌ی هه‌بێت ئه‌گه‌ر ( بینینی هاوڕێ بێت، کارکردن له باخی ماڵه‌که‌یدا بێت، شت کڕین بێت، له ڕێکخروهیهکدا به‌شداربێت، ڕێکخستنێك بکات و ...تاد) ئه‌مانه که‌م تا زۆر خانه‌کانی مێشك چالاك ئه‌که‌ن و بیرکردنه‌وه له ژیان و مردن ئه‌رێنی ئه‌کات. وه‌ك لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریانخستوه ئه‌وانه‌ی که کێشه‌و ئه‌رکیان نه‌بووه که ڕۆژانه بگه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وان زۆر دڵگرانتر و نائاسودهتر بوون له‌وانه‌ی که ڕۆژانه کێشه‌ی بچوکیان بۆ یه‌ته پێشه‌وه‌و ده‌یکه‌نه ئامانجێك که به‌چاره‌سه‌رکردنی ئه‌وان وزه‌و توانایه‌کی زۆریان ده‌ست ئه‌که‌وێت و خۆشیه‌کی لێوه‌رده‌گرن.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه‌پێکردنه ئه‌وه‌یه که سه‌لمێنراوه ئه‌وانه‌ی خانه نشین ئه‌بن ئیتر ئه‌رکی ژیانیان که‌متر ئه‌بێته‌وه‌و که‌متر خۆیان به‌گرنگ ئه‌زانن له کۆمه‌ڵگادا یان ئه‌توانم بڵێم که کۆمه‌ڵگه‌ش به که‌متر سه‌یری که‌سێك ئه‌کات که ئه‌رکی نه‌بێت. هه‌ربۆیه له کۆمه‌ڵگای مۆدێرندا زۆر له‌وانه‌ی که ده‌چنه قۆناغی خانه‌نشینیه‌وه خێرا بۆچونیان بۆ ئه‌و ساڵه زۆرانه‌ی که له‌به‌رده‌میاندا ماوه ئه‌گۆڕن و ئه‌وان ئامانج له‌دوای ئامانج کورت خایه‌ن و درێژخایه‌ن دائه‌نێن، بۆئه‌وه‌ی هه‌تا ئه‌وکاته‌ی که ئه‌وان فریای نه‌که‌وتون ئیتر به هێمنی به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن که له‌وانه‌یه ( سه‌فه‌رێك بێت که پێویستی به فێربوونی زمانێکی تربێت، دروستکردن یان چاککردنی خانویه‌ك بێت، لهباخهکهیدا جوانکاریهك بکات، سه‌نته‌رێك یان دوکانێك بکاته‌وه یان........).
زۆر له‌وانه‌ی که کێشه یان ئه‌رکیان نیه ده‌ڕۆن هاوکاری ڕێکخراو وسهنتهرو ئه‌و شوێنانه ئه‌که‌ن که ئه‌وان ئه‌توانن ئه‌زمونی خۆیان له‌وێدا باسبکه‌ن و سود به کۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نن زۆرجار ئه‌مه‌ش به‌بێ هیچ به‌خشیش یان موچه‌یه‌ك ئه‌کرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که که‌سی خانه‌نشین به‌و کاره‌ی کۆمه‌ڵێ هاوکاری پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگا ئه‌کات بۆ ئه‌و ئه‌وه گرنگتر ئه‌بێت که بزانێت که‌سانێک سود له‌و وه‌ر ئه‌گرن و ڕۆڵێکی هه‌یه، ئه‌مه‌یه که مانایه‌ك به ژیان ئه‌دات له‌لای به‌ساڵا چوو و که هه‌ستی ئاسوده‌بوون و خۆشگوزاری زیاتر ئه‌کات. وه‌ك ئه‌زانین مرۆڤ له خۆشی و ئاسوده‌یدا که‌متر نه‌خۆش ئه‌که‌وێت و به‌رگری له‌شیشی به‌هێزتر ئه‌بێت و ته‌مه‌ندرێژ ئه‌بێت. که‌وابوو با هه‌موومان هانده‌ری به‌ساڵا چووهکانمان بین که شانبه‌شانی گه‌نجه‌کان له‌کاردا بن و ڕۆڵیان وون نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مێشکیان له چالاکی نه‌وه‌ستێت و باوكان و دایکانمان له‌و ته‌مه‌نه که‌مه‌دا زوو به‌جێمان نه‌هێڵن.
تکایه‌کم بۆ توێژه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیه‌کان، پزیشکه‌کان و ئه‌وانه‌ی که ئه‌توانن به پێنوسه‌کانیان کار بکه‌نه سه‌ر گۆڕینی بیری پیری و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیاندا. تکایه بنوسن، خه‌ڵك ڕۆشنبیرکهن، که‌س نیه پیر نه‌بێت ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن درێژ بێت، ئیتر به‌رپرسی، وه‌زیری یان سه‌رۆکێکی. له‌ماڵپه‌ڕه به‌سوده‌که‌ی ده‌روونناسیدا به‌شی ڕۆشنبیری به‌ساڵا چوومان هه‌یه و هیوادارم ئه‌و زۆر لایه‌نی گرنگی ژیان له‌خۆ بگرێت که سودێکی گشتی ئه‌بێت.
سه‌رکه‌وتوبن
ww.warzshidaruni.com