بەمشێوەیە بە خۆتا بچۆرەوە و ئامادەبە بۆ ساڵی نوێ ٢٠١٦

Description: C:\Users\Harakat\Desktop\bid.jpe

ڕاهێنەری دەروونی عەبدوڵا تۆفیق

18/12/2015

 

مرۆڤ پێویستە هەموو شەوێ پێش نوستن بەخۆیدا بچێتەوە و وەك فلیمێك هەموو کار و هەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕۆژەی بەسەریبرد بهێنێتە بەر چاو و کاردانەوەی خۆی هەبێ ، دەبێ هەڵسەنگاندنێك بۆ خۆی بکات. لە شەودا کارو چالاکیەکانی مێشك کەمتر دەبن و بەشی مەنتق جێدەهێڵین و بەرەو حەوانەوەیەکی دەروونی دەچین ، ئارامبوونەوە لە مێشکدا ڕوو دەدات، هەربۆیە بەشەودا بە خۆتا بچیتەوە کاریگەرتر دەبێ.

ئێستا چەند ڕۆژێکمان لەبەر دەمدایە هەتا پێدەخەینە ساڵی نوێ ٢٠١٦. هەر چۆن هەموو شەوێ گرنگە بە خۆماندا بچینەوە، بەهەمان شێوەیش گرنگیەکی بەرچاو و کاریگەری دەبێ ئەگەر بە خۆماندا بچینەوە کەمێك بەقوڵتر. تەنانەت زۆر بەی کۆمپانیاکانی جیهان کۆبوونەوە دەکەن لەگەڵ کارمەندو لێپرسراوەکانیاندا بۆئەوەی بزانن ئەو ساڵەی وا خەریکە تێدەپەڕێ چیانکرد، وە ئامانجی نوێیان چییە و چی بکەن لە ساڵی داهاتوودا.

 ئێمەش دەتوانین بەهەمان شێوە وا خۆمان ببینین کە ئێمە کۆمپانیایەکین و چەند بەرپرس و کارمەندێکمان هەیە. ئێمە دەتوانین ڕۆڵەکان بەسەر کەسایەتیە تایبەتیەکانی خۆماندا دابەش بکەین و لەگەڵ خۆماندا وتووێژ دروست بکەین. دەکرێ پێنوس و پەرتوکێکت بەدەستەوە بێت و پرۆتۆکۆڵێك بنوسیت، لەو پڕۆتۆکۆڵەدا زۆر شت ڕێگەی دەبێتەوە، وەك: ئایا ئامانجت هەبووە بۆ ئەم ساڵەی وا دەڕوات و پێیان گەشتی، چۆن خۆت دەبینی، تەندروستیت چۆن بوو، لە خۆت ڕازیت، پەیوەندیەکانت چۆنن، ئایا کەسێکی کە ئابوری خۆتت ڕاگرتووە، کێن ئەوانەی کە تۆ کەمتر گرنگیت پێداون کە دەبوایە گرنگیت پێبدانایە، لە گەڵ ژینگەدا چۆنی،  دەروونت  بەهێزە، سەرکەوتوبویت لە ژیانتا...تاد؟ هەروەها بۆ ساڵی داهاتوو: ئامانجت چیە و دەتەوێ چی بکەیت، دەتەوێ پەیوەندیەکانت لە چ ئاستێکدا بێت، چۆن  هۆشیار دەبی لە بواری ئابوریتا، چۆن هاوکاری مرۆڤایەتی دەدەیت، بۆ ژینگە چیدەکەیت، دەتەوێ خۆت چۆن ببینیت و چی دەکەیت بۆ تەندروستی فیزیکی و دەروونی خۆت....تاد؟

ئەوەش زۆر گرنگە کە نابێ لەگەڵ خۆتدا تونگبیت و خۆت تاوانباربکەیت. دەبێ ئەوەی کە تێپەڕی وەك وانەیەك ببینی و لە هەڵەکانتەوە وانە فێربیت. گەشبینبەو زیاتر چاوت لە بەردەمتبێ/ داهاتووت ئەوەیە کە تۆ چاوەڕیی دەکەیت و ڕابردووت نابێ لە داهاتووت زیاتر هۆش و بیرت بەرێت. بزانە کە چامی پێشەوەی  ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی پێشەوەی پێببینی زۆر گەورەترە لەو ئاوێنەیەی کە دانراوە کە دواوی پێببینی! ئەوەی گوزەریکرد تۆ دەسەڵاتت نیە بەسەریدا، بەڵام ئەوەی تۆ ئێستا دەیکەیت تۆ دەسەڵاتت هەیە بەسەریدا.

لەوانەیە هەریەك لە ئێمە چەندین خەونی هەبێ کە ئاواتەخوازە  بیان گاتێ، بەڵام هاندەرێك نەبووە بۆی هەتا دەست پێبکات. ئەوە بزانن باشترین هاندەر هاندەری ناوەکیە، ئەوەی کە تۆ خۆت هاندەری کارەکانی خۆتبیت، لەبەر ئەوەی تەنها تۆ خۆتی دەزانی کە چیت دەوێ. بۆیە زۆر چاوەڕێ مەکە، کەس لەخۆت دڵسۆزترت نیە و خۆتت خۆشبوێ. لە ئێستاوە پلانەکانت داڕێژە، کەسێك هەیە کە گوێت لێبگرێت، ئەویش خۆتی کە تەنها خۆت لەخۆت تێدەگەیت.  

بە هیوای تەندروستی و ژیانێکی ئارام بۆ تۆو تەواوی مرۆڤایەتی لە گۆی زەوی

سەرکەوتوبن

 www.warzshidaruni.com

پەیجی عەبدوڵا تۆفیق

گەڕانەوە